ناوهڕۆك
زۆرداری هێرشکەر (صائل)
هەرکەسێک ڕووی تێکرا بۆ ئەوەی زیانێکی پێ بگەیەندرێ جا زیانەکە لە گیان و ئەندامەکانی بێ، واتە: زۆردارەکە هەوڵی کوشتنی بدا، یان هەوڵی لەناوبردنی ئەندامێکی لەشی بدا یان هەوڵی بردن، یان تێکدانی ماڵی بدا، یان هەوڵی نامووس بردنی بدا، جا زۆرلێکراوەکەیش بەرگری لە گیان و نامووس و ماڵی کرد، زۆردارەکەش وازی نەهێنا و زۆرلێکراوەکە زۆردارەکەی کوشت، ئەوە نە تۆڵەی کوشتن و نە خوێن و نە کەففارەت، هیچی ناکەوێتە سەر، وە ئەگەر زۆردارەکە ئەوی کوشت، بۆ خۆی بە پلەی شەهیدی ئەگات (عن سعید بن زید -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: من قتل دون دینه فهو شهید ومن قتل دون دمه فهو شهید ومن قتل دون ماله فهو شهید ومن قتل دون أهله فهو شهید) رواه الترمذي، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کەسێک لە بەرگری کردن لە ئایینی و لە گیانی و لە ماڵی و لە نامووسی بکوژرێ، شەهیدە.
بەرگری کردن لە نامووس واجبە، هیچ جیاوازییەک نییە نامووسەکە هی خۆی بێ، یان هی کەسێکی تر بێ، جا کافر بێ، یان موسوڵمان بێ، یان ئاژەڵ بێ، چونکە نامووس بە هیچ شێوەیەک حەڵاڵ نابێ، بەڵام ئەگەر ئافرەتێکی بێ مێرد -بە خۆشی خۆی- بە دوو پیاوێک کەوت و خۆی لێ مارەکرد، دروست نییە هیچیان بکوژرێن.
مەرجەكان
یەکەم: دەبێ زۆرداری هێرشکەر بە شێوەی هەرە سوکتر ڕابگیرێ، واتە: ئەگەر بە پاڕانەوە واز بێنێ، نابێ لێی بدا، ئەگەر بە لێدان وازبێنێ، نابێ بیکوژێ، بەڵام ئەگەر ئەیزانی ئەم قۆناغە هیچیان سوودی نییە، دروستە یەکسەر بیکوژێ.
دووەم: لەو کاتەی پشیلە هێرش دێنێ و جوجەڵە و باڵندە بووە، یان لێی ئەخوڕێ، یان ڕایئەکێشێ، دەبێ تۆڵەی ئەو شتە کە ووڵاغەکەی لەناوی بردووە، جا ووڵاغەکە هی خۆی بێ، یان هی کەسێکی تر بێ، واتە: ئەگەر ووڵاغەکە یەکێکی کوشت، یان ئەندامێکی شکاند، یان شتێکی لەناوبرد، ئەبێ خزمەکانی ئەو خوێنی کوژراوەکە بدەن، بە خۆیشی تۆڵەی شتە لەناوبراوەکان بدا.
ئەگەر ئاژەڵەکەی بە توندی بەستبۆوە و خۆی بەرەڵڵا کرد، یان شوانێک لە ترسی گورگ، یان لە دەنگی هەور ئاژەڵەکانی لێ پەرت بوون و شتێکیان لەناو برد، تۆڵەیان لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر شوانەکە خەوی لێکەوت، یان کەمتەرخەمی کرد، ئەبی تۆڵە بدا، هەرچەند ئاژەڵەکانیش هی خۆی نەبن.
هەروەها ئەگەر لە ڕێگەیەکی تەسکدا ووڵاغەکەی بەستبۆوە و شتێکی لەناوبرد، ئەبی تۆڵەی بدا.
ئەگەر شۆفێری ئۆتۆمبێل بە ئۆتۆمبێلەکەی کەسێک بە هەڵە بکوژێ، یان شتێک لەناو ببا، ئەوە خوێنی کوژراوەکە لەسەر خزمەکانیەتی و تۆڵەی شتەکەیش لەسەر خۆیەتی، جا ئۆتۆمبێلەکە هی خۆی بێ، یان نا.
ئەگەر ئاژەڵەکە بە تەنها بوو و چووە ناو موڵکی کەسێکی تر و شیناییەکەی خوارد، تۆڵە لەسەر خاوەنەکەیە، بەو مەرجەی خەڵکی ئەو شوێنە بە تێکڕایی ئاژەڵ بەرەڵڵا نەکەن، واتە: ئەگەر عادەتیان وەهابوو، تۆڵە واجب نابێ.