داگیرکردن لە چاوی ئیسلامەوە - غصب

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-06-15:07:00 - کۆدی بابەت: 4207
داگیرکردن لە چاوی ئیسلامەوە - غصب
هەمەڕەنگی حوکمە شەرعییەکان

ناوه‌ڕۆك

باسی (غصب)

واتە: زەوتکردن و داگیرکردنی مافی کەسێکی تر بە ناهەق.

زەوتکردن لە گوناهە گەورەکانە، جا مافی گشتی بێ، یان تایبەتی بێ (عن ابن عباس -رضي الله عنهما-: قال النبی ﷺ: إن دمائکم وأموالکم وأعراضکم علیکم حرام) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: خوێنتان و ماڵتان و ئابڕوو و ناموستان لە یەکتری حەرامە.

کەوابوو: ئەگەر داوای شتێکی لە کەسێک کرد، ئەویش لە ترسان، یان لە شەرمان شتەکەی دایێ، یان بەبێ ئیزن سواری ووڵاغێک، یان ئۆتۆمبێلێک بوو، یان چووە خانووێک و خاوەنەکەی دەرکردە دەرەوە، یان ڕێگەی نەدا خاوەنەکەی سوود لە خانووەکەی وەربگرێ، ئەوانە گشتی بە زەوتکردن دائەندرێن.

هەر کەسێک مافی کەسێکی تر زەوت بکات، واجبە بیداتەوە خاوەنەکەی (عن سمرة -رضي الله عنه: قال النبی ﷺ: علی الید ماأخذت حتی تؤدیه) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر دەستێک شتێکی وەرگرت، ئەبی بیپارێزێ تا ئەیداتەوە خاوەنی.

- کرێی گەڕاندنەوەی زەوتکراوەکە -بۆ خاوەنەکەی- لەسەر داگیرکەرەکەیە، هەرچەند زۆریش بێ.

هەروەها واجبە تۆڵەی گشت کەم و کوڕییەکیشی بداتێ، ئەبی کرێیەکەیشی بداتێ بۆ ئەو ماوەیەی لەلای ماوەتەوە، هەرچەند بەکاریشی نەهێنابێ، وە ئەبی تۆڵەی لەدەستچوونی بەروبوومەکانی تریشی بژمێرێ کە لەدەست چوونە وەک میوەی درەخت و شیری بزن و مەڕ.

جا ئەگەر شتە زەوتکراوەکە لەناوچوو ئەبی زەوتکەرەکە تۆڵەی بدا، با هەر وێنەی شتە زەوتکراوەکە لە تۆڵەدا بن ئەگەر وێنەی هەبوو، بە کێشانی تەرازوو یان بە پێوانی ڕبە، یان نرخی زەوتکراوەکە لە تۆڵە بدا ئەگەر وێنەی نەبوو، یان وێنەی هەبوو، بەڵام دەست نەدەکەوت، کام نرخ زۆرترە ئەبی ئەو نرخە بدا، لەکاتی داگیرکردنیەوە تا کاتی لەناوچوونی، واتە: ئەگەر لەکاتی داگیرکردنی نرخی پێنج دینار بوو، لە ڕۆژی لەناوچوونیشی نرخی شەش دینار بوو، ئەبێ شەش دینار تۆڵە بدا.

چەند تێبینییەك

یەکەم: هەر کەسێک ماڵە زەوتکراوەکە لە داگیرکەرەکە وەربگرێ و مەبەستی ئەوە نەبێ بیداتەوە خاوەنەکەی، ئەویش بە داگیرکەر دائەندرێ، هەروەها ئەگەر بە زۆرلێکردن شتێکیان پێ داگیرکرد، ئەوە زۆرلێکراوەکەش بە داگیرکەر دائەندرێ، بەڵام کە تۆڵەی دا، ئەتوانێ بچێ ئەندازەی تۆڵەکە لە زۆردارەکە وەربگرێتەوە.

دووەم: ئەگەر داگیرکەرێک لە زەوییەکی داگیرکراودا خانووی کرد، یان دروختی چاند، یان بیرێکی هەڵکەند، واجبە خانووەکە و درەختەکە لاببا و شوێنە تێکچووەکان و بیرەکە پڕ بکاتەوە، هەرچەند زەرەرێکی زۆریش بکات، هەروەها ئەبێ کرێیەکە تۆڵەی کەم و کوڕیش بدات (عن عڕوة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: لیس لعرق ظالم حق) رواه أبوداود، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ڕەگی بە زۆرداری مافی مانەوەی نییە.

سێیەم: هەر کەسێک ماڵی کەسیکی تری بە حەرامی کەوتە لا، وەکو ماڵی ڕیبا و شیربایی و دزیاری و زەوتکراو، ئەوانە گشتی ئەبی بدرێتەوە خاوەنەکانیان، جا ئەگەر شتەکان لەناوچووبن، ئەبی تۆڵەیان بداتەوە خاوەنەکانیان، ئەگەر خاوەنەکانیان نەمابوون، ئەبێ بیداتەوە میراتگرەکانیان، ئەگەر هیچ میراتگریان نەبوو، ئەبی بیداتەوە (قازی)ـی ئیسلام، ئەگەر قازی نەبوو، یان فاسق بوو، ئەبی بیداتە دەست پیاوێکی لێهاتووی دادپەروەر، جا ئەگەر نەبوو، ئەبێ خۆی سەرفی بکا لە بەرژەوەندی موسوڵمانان، یان دابەشی بکا بەسەر هەژاراندا، جا ئەگەر بە خۆیشی هەژار بوو، دروستە بە ئەندازەی هەژارێک بەشی خۆی دابنێ، ئینجا ئەگەر خاوەنەکەی ئاشکرا بوو، ئەبی تۆڵەی گشتی بداتێ.

چوارەم: ئەگەر بە ماڵی ڕیبا، یان شیربایی، یان دزیاری، یان زەوتکراو شتێکی کڕی، ئەو کڕینە دانامەزرێ و دروست نییە، واتە: مڵکی کڕیارەکە و ناشبێتە موڵکی خاوەنەکان، کەوابوو: شتە کراوەکە بە قازانجەوە هەر هی فرۆشیارەکەیە.



246 بینین