ناوهڕۆك
باسی تاڵان گرتنی کافران
ئەم یاسایانە بۆ كاتێكە دەوڵەت ئیسلامی بێت و یاسا و دەستووری ئیسلامی پەیڕەو بكرێت
مەبەست بەو تاڵانە موڵک و ماڵی کافری بنەڕەتییە کە لە کاتی جەنگگیران لێیان ئەگیرێ چونکە موڵک و ماڵی ئەو موسوڵمانانەی کافربوونە ئەدرێتە (بیت المال)، هەروەها موڵک و ماڵی ڕێگران و ئەو موسوڵمانانەی نۆکەری کافرەکانن، لە دوای کۆتایی جەنگ ئەدرێتەوە دەستی خۆیان، ئەگەر هی خۆیان بوو، بەڵام ئەگەر هی (بیت المال) بوو، ئەوە هەر لە (بیت المال) دائەندرێتەوە، واتە بەسەر جەنگاوەراندا بەش ناکرێ.
هەر کەسێک لە مەیدانی جەنگ کافرێک بکوژێ کەلوپەلی ئەو کوژراوەی ئەدرێتێ وەکو چەک و خواردەمەنی و پارە و ووڵاغی سواری و جلوبەرگ (عن أبی قتادة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: من قتل قتیلا له علیه بینة فله سلبه) رواه الشیخان، واتەی دیارە. بەڵام ئەگەر لە مەیدانی جەنگ نەیکوژێ وەک لە دوورەوە گوللەی بۆ بهاوێ و بیکوژێ، ئەوە کەلوپەلی نادرێتێ، بەڵکو ئەبێتە تاڵان.
تاڵان بەش ئەکرێ لە دوای دەرکردنی کەلوپەلی کوژراوەکە ئەکرێتە پێنج بەش چوار بەشی ئەو تاڵانە بە تایبەتی ئەدرێتە ئەو کەسانەی لە جەنگەکەدا ئامادەبوونە بە مەبەستی جەنگکردن هەرچەند جەنگیشیان نەکردبێ، جا ئەدرێتە ئەو کەسەی بە سواری ئەسپ هاتۆتە جەنگ سێ بەشی ئەدرێتێ بەشێکی بۆ خۆی دوو بەشی بۆ ئەسپەکەی ئەو کەسەی بە پیادە هاتۆتە جەنگ یەک بەشی ئەدرێتێ (عن ابن عمر -رضي الله عنهما-: أن النبی ﷺ قسم یوم خیبر للفرس سهمین وللراجل سهما) رواه الشیخان، لە جەنگی خەیبەردا، پێغەمبەر دوو بەشی ئەدا ئەسپ، یەک بەشی ئەدا پیادە ئەو بەشە داناندرێ تەنها بۆ ئەو کەسە نەبێ کە تێیدا کۆ ببێتەوە پێنج مەرج (موسوڵمان بێ، بلوغی بووبێ، عەقڵی هەبێ، ئازاد بێ، نێرینە بێ) جا ئەگەر مەرجێک لەو پێنجانە نەبوو، وات جەنگاوەرەکە کافر بوو و یارمەتی موسوڵمانانی ئەدا یان منداڵ بوو یان شێت بوو یان کۆیلە بوو یان ئافرەت بوو ئەوە بەخششیان ئەدرێتێ بەشیان نادرێتێ کەواتە ئەبێ بەخشیشەکە لە بەشێک کەمتر بێ (عن ابن عباس -رضي الله عنما-: کانت النساء یحذین من الغنیمة، وأما بسهم فلا) رواه مسلم، لە سەردەمی پێغەمبەردا ﷺ شتێک لە تاڵان ئەدرا بە ئافرەتان کەمتر لە بەشی پیاوان.
بەشی پێنجەم لە پێنج بەشەکەی تاڵان دابەش ئەکرێ بە سەر پێنج بەشی تردا بەشێکی ئەو پێنج بەشە واتە پێنجیەکی پێنجێک بۆ پێغەمبەری خوایە ﷺ، ئەو بەشەی پێغەمبەر ﷺ سەرف ئەکرێ لە دوای وەفاتی پێغەمبەر ﷺ بۆ بەرژەوەندی موسوڵمانان وەکو قوتابخانە و مووچەی زانایان و چەک و ئازووقەی سەربازانی ئیسلام و نەخۆشخانە و ڕێگە و مزگەوت و ئەو جۆرە شتانە بەشێکی تری ئەو پێنج بەشە بۆ خزمەکانی پێغەمبەرە ﷺ کە نەتەوەی هاشم و نەتەوەی موتتەڵیبن، ئێستا لە کوردستان پێیان ئەگوترێ سەید.
بەشێکی تریش بۆ منداڵە یەتیمەکانە، بەشێکی تریش بۆ گەدا و هەژارانە بەشێکی تریش بۆ ڕێبوارانە بەو جۆرەی لە زەکاتدا باس کراوە. خوای گەروە فەرموویەتی: (واعْلَمُوا أنَّما غَنِمْتُمْ مِن شَيْءٍ فَأنَّ لِلَّهِ خُمُسَهُ ولِلرَّسُولِ ولِذِي القُرْبى واليَتامى والمَساكِينِ وابْنِ السَّبِيلِ) بزانن هەرچی لە کافران بە تاڵانتان گرت پێنجێکی هی خوا و پێغەمبەری خوایە ﷺ هی خزمەکانی پێغەمبەرە ﷺ، هی یەتیمانە و هی هەژارانە و هی ڕێبوارانە واتە چوار بەشەکەی تریش گشتی بۆ جەنگاوەرانە.
مەرجەکانی بەرگەوتنی بەش
- هەر سەربازێک لە گەرمەی شەڕدا شەهید ببێ هیچ بەشی لە تاڵان نییە، بەڵام ئەگەر لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگ بمرێ بەشەکەی ئەو ئەدرێتە میراتگرەکانی.
- شاردنەوەی شتێکی تاڵان حەرامە هەرچەند دەرزی و داوێکیش بێ ئەبێ بیداتەوە دەست سەرکردەی لەشکر (عن عبادة بن الصامت -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: لا تغلوا فإن الغلول نار وعار علی أصحابه فی الدنیا والآخرة) رواه أحمد، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی هیچ شتێک لە تاڵان مەشارنەوە و بە دزی مەیبەن چونکە شاردنەوەی ماڵی تاڵانکراو سزای ئاگر و شەرمەزارییە لە دونیا و قیامەتدا.
- دروستە جەنگاوەرەکان لە هەموو جۆرە خواردەمەنییەکی تاڵانکراو بخۆن و ئاژەڵی تاڵانکراو سەر ببڕن و گۆشتەکەی بخۆن پێش ئەوەی بەش بکرێ (عن عبدالله بن أبی أوفی -رضي الله عنه- قال: أصبنا طعاما یوم خیبر فکان الرجل یجیء فیأخذ منه قدر ما یکفیه) أخرجه ابوداود، (عبدالله) فەرمووی لە غەزای (خەیبەر)ـدا خواردنمان بە تاڵان گرت پیاوی وا هەبوو بە ئەندازەی تێربوونی خۆی لە خواردەمەنییەکەی ئەبرد.
- دروستە سەرکردەی لەشکرەکە بەخشیشێک بداتە ئەو کەسەی چالاکییەک ئەکات بەرامبەر بە دوژمن جگە لە بەشە تاڵانەکەی خۆی بەڵام ئەبێ ئەو بەخشیشە لەو پێنج یەکە دەربکرێ کە بۆ بەرژەوەندی داندراوە (عن ابن عمر -رضي الله عنهما-: کان النبی ﷺ ینفل بعض من یبعث من السرایا لأنفسهم خاصة سوی قسمة عامة الجیش) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ بەخشیشێکی ئەدا چەند کەسێکی ئەو تیپانەی ئەیناردنە جەنگ، جگە لە بەشەکەی خۆیان کە لە بەشکردنی تاڵان ئەیاندرایێ.