کەفارەتی کوشتن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-14-02:50:00 - کۆدی بابەت: 4478
کەفارەتی کوشتن
هەمەڕەنگی حوکمە شەرعییەکان

ناوه‌ڕۆك

باسی (کفارة)ـی کوشتن

واجبە لەسەر ئەو کەسەی یەکێک ئەکوژێ کە ئەو کوشتنەش حەرام بێ ئەبێ کەففارەتی کوشتنیش بدا، هەرچەند مرۆڤکوژەکە منداڵیش بێ، یان شێت بێ، جا کوشتنەکە بە هەڵە بێ، یان بە قەسدی بێ، هەروەها جیاوازی نییە هەر بە خۆی خۆی بکوژێ، یان کەسێکی تر بکوژێ، جا کوژراوەکە گەورە بێ، یان منداڵ بێ، پیاو بێ، یان ئافرەت بێ، شێت بێ، یان عاقڵ بێ، نەخۆش بێ، یان ساغ بێ، ئازاد بێ، یان کۆیلە بێ، موسوڵمان بێ، یان کافری پەیمان لەگەڵکراو بێ، یان کۆرپەی ناو زگ بێ.

کەففارەتی کوشتن ئەمەیە: ئەبێ کۆیلەیەکی موسوڵمان ئازاد بکا هیچ کەم و کوڕییەکی وەها تێدا نەبێ کە زیان بە ئیشوکار بەگەیەنی.

جا کۆیلە نەبوو ئەبێ دوو مانگ بەڕۆژوو ببێ بە نیاتی کەففارەتی کوشتن، واجبە ئەو دوو مانگە بەسەریەکدا بن، واتە: نابێ یەک رۆژ بکەوێتە نێوان، بەڵام ئەگەر ئافرەت کەوتە سوڕی مانگانە، ئەوە نابیتە نێوان، کە پاک بۆوە لەسەر ڕۆژووەکان بەردەوام ئەبێ.

لە کەففارەتی کوشتندا نابێ خواردن بدرێتە هەژاران، بەڵام ئەگەر مرۆڤکوژەکە مرد و کەففارەتی نەدابوو، ئەبی لەجیاتی هەر ڕۆژووەک یەک مستە دانەوێڵە لە میراتەکەی بدرێتە هەژاران، یان یەکێک لەجیاتی بەڕۆژوو ببێ.

ئەگەر بە کۆمەڵێک یەکێک بکوژن، یان ببنە هۆی کوشتنی وەکو شایەتی بەدرۆی لەسەر بدەن، ئەوە هەر یەکە و کەففارتێکی کوشتنی لەسەرە.
خوای گەورە فەرموویەتی: (وَمَن قَتَلَ مُؤْمِنًا خَطَأً فَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مُّؤْمِنَةٍ وَدِيَةٌ مُّسَلَّمَةٌ إِلَىٰ أَهْلِهِ إِلَّا أَن يَصَّدَّقُوا ۚ فَإِن كَانَ مِن قَوْمٍ عَدُوٍّ لَّكُمْ وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مُّؤْمِنَةٍ ۖ وَإِن كَانَ مِن قَوْمٍ بَيْنَكُمْ وَبَيْنَهُم مِّيثَاقٌ فَدِيَةٌ مُّسَلَّمَةٌ إِلَىٰ أَهْلِهِ وَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مُّؤْمِنَةٍ ۖ فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ شَهْرَيْنِ مُتَتَابِعَيْنِ تَوْبَةً مِّنَ اللَّهِ ۗ وَكَانَ اللَّهُ عَلِيمًا حَكِيمًا) هەر کەسێک موسوڵمانێک بکوژێ ئەبی کۆیلەیەکی موسوڵمان ئازاد بکا و خوێنیش بداتە خزمەکانی، مەگەر خێری پێ بکەن و خوینی لێوەرنەگرن، جا ئەگەر -ئەو موسوڵمانە کوژراوە- خزمەکانی کافر بوون و جەنگیان لەگەڵ موسوڵمانان ئەکرد، ئەوە -تەنها- کەففارەت واجبە، بەڵام ئەگەر خزمەکانی کوژراوەکە کافری پەیمان لەگەڵکراو بوون جا کوژراوەکە کافر بێ، یان موسوڵمان بێ، ئەبێ خوێنیش بدا و کەففارەتیش بدا، جا ئەگەر کۆیلەی دەست نەکەوت، ئەبێ دوو مانگ بەسەریەکدا بەڕۆژوو ببێ، ئەو تۆبەیە لەلای خواوەیە، خوا زانا و کارلەجێیە.

مافە لەسەركەوتووەكانی بكوژ

هەر کەسێک یەکێک بکوژێ، سێ مافی ئەکەونە سەر:
یەکەم: مافی خوا، ئەوە بە تۆبەکردن لەسەری لائەچێ، بەو مەرجەی خۆی بداتە دەست خزمەکانی کوژراوەکە بۆ ئەوەی بیکوژن، یان خوێنی لێ وەربگرن، یان لێی ببورن.
دووەم: مافی خزمەکانی کوژراوەکە، ئەمەش لائەچێ کە بیکوژن، یان بیبوورن، یان خوێنی لێوەربگرن.
سێیەم: مافی کوژراوەکە، ئەوە لەسەری لاناچێ، بەڵام ئەگەر ئەو دوو مافەی تری لە دونیادا لەسەر خۆی لادا، ئەوە خوای گەورە لە قیامەت پێکیان ئەهێنێ و کوژراوەکە لە جیاتی وی ڕازی ئەکا و لەویش خۆش ئەبێ، ئەگەر ئەو مافانەی رابردووی لەسەر خۆی لانەدابوو، ئەوە هەر کەسێک مافەکانی لەسەر ئەمێنن و -ئەگەر خوا حەز بکا- بە ئاگری دۆزەخ سزا ئەدرێ.


سەرچاوەکان



551 بینین