ناوهڕۆك
بەخێوکردنی خزم و دایباب
بەخێوکردنی هەردوو تیرە، واتە: تیرەی سەرەوە و خوارەوە لە خزمەکانی واجبە: بەخێوکردنی دایکان و باوکان لەسەر تیرەی خوارەوە واجبە و هی تیرەی لەسەر دایکان و باوکان واجبە،
ئینجا دایک و باوک و داپیرە و باپیرە واجبە لەسەر کوڕ و کیژ و نەوەیەکانیشیان بەخێویان بکەن، جا کافر بن، یان موسوڵمان بن بە دوو مەرج:
یەکەم: ئەوەیە دایک و باوک هەژار بن، وە پەککەوتووش بن، واتە: نەتوانن کار بکەن و خۆیان بژیێنن.
دووەم: یان هەژار بن و شێتیش بن.
بەڵام فەرموودەی بەهێزی ئیمامی (شافعي) ئەمەیە: ئەگەر دایک و باوک هەژار بوون، واجبە کوڕ و کیژەکانیان بەخێویان بکەن، چونکە زۆر سپڵەیی و بێ ئەمەکییە دایک و باوک داوای کارکردنیان لێ بکرێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَإِن جَاهَدَاكَ عَلَىٰ أَن تُشْرِكَ بِي مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ فَلَا تُطِعْهُمَا ۖ وَصَاحِبْهُمَا فِي الدُّنْيَا مَعْرُوفًا) ئەگەر دایکت و باوکت داوای کافربوونیان لێکردی، بە قسەیان مەکە و لە دونیادا بە چاکەکردن لەگەڵیان بژیێ. واتە: هەرچەند کافریش بن.
بەخێوكردنی منداڵ
کوڕ و کیژ هەرچەند بەرەو خواریش بن، واجبە لەسەر دایک و باوک هەرچەندە بەرەو سەرەوەش بن، بەخێویان بکەن بە سێ مەرج:
یەکەم: ئەگەر هەژار بن و منداڵیش بن، کەوابوو: تا کوڕ بلوغی ئەبێ و کچ شوو ئەکا، بەخێوکردنیان واجبە.
دووەم: یان ئەگەر هەژار بن و شێتیش بن.
سێیەم: یان ئەگەر هەژار بن و پەککەوتوش بن.
ئەگەر منداڵ و شێت و پەککەوتوو ماڵیان هەبوو، ئەبێ لە ماڵی خۆیان بەخێوبکرێن، هەروەها ئەگەر منداڵ بلوغی بوو و کاری دەست نەکەوت و هەژاریش بوو، واجبە بەخێو بکرێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (فَإِنْ أَرْضَعْنَ لَكُمْ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ) ئەگەر ئافرەتان شیریان دایە منداڵەکانتان، ئێوەیش کرێیان بدەنێ.
چونکە ئەرکی بەخێوکردنی منداڵتان لەسەر خۆتانە.
هەتا باوک و باپیرە توانای بەخێوکردنی منداڵیان هەبێ، لەسەر دایک واجب نابێ، بەڵام کوڕ و کیژ بە هاوبەشی دایک و باوک و باپیرە و داپیرە بەخێوبکەن، بەگوێرەی میرات وەرگرتن، جا هەتا کوڕ و کیژ و نەوەکان توانای بەخێوکردنی باوکیان هەبێ، لەسەر باوکی و باپیرەی واجب نابێ، وە هەتا کوڕ و کیژ توانایان هەبێ، لەسەر نەوەکان واجب نابێ.
مەبەست لە بەخێوکردنی ئەو دوو تیرەیە ئەمەیە: بەخێوکەرەکە بە تێری خواردن و پێخۆر بدا و جلوبەرگ و شوێنی خەوتن و دانیشتن دابین بکا و کرێی پزیشک و دەرمان بدا.
جگە لەو دوو تیرەی باسمان کردن، بەخێوکردنی هیچ خزمێکی تر واجب نییە. بەڵام لە مەزهەبی ئیمامی (حنفي)ـدا: بەخێوکردنی هەموو خزمێکی مەحرەم واجبە.
بەخێوکردنی کۆیلە بەو شێوەی باسمان کرد وە بەخێوکردنی ئاژەڵ واجبە لەسەر خاوەن کۆیلە و ئاژەڵ، واتە: ئەگەر خاوەنەکانیان بەخێویان نەکا، (قازی) فەرمانیان ئەداتێ: کە ئاژەڵەکە و کۆیلەکە یان بفرۆشێ، یان کۆیلەکە ئازاد بکا و، ئاژەڵەکەیش سەر ببڕێ ئەگەر گۆشتی بخورێ.
دروست نییە بخرێتە سەر شانی کۆیلە و ئاژەڵ کارێکی وەها کە توانایان نییە (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: للملوك طعامه وکسوته ولا یکلف من العمل إلا ما یطیق) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: کۆیلە ئەبێ خواردن و بەرگی بدرێتێ و تەنها ئەو کارەی پێی بکرێ، کە توانای هەیە.