پەروەردەی منداڵ دوای جیابوونەوەی دایک و باوک - حضانة

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-14-00:46:00 - کۆدی بابەت: 4472
پەروەردەی منداڵ دوای جیابوونەوەی دایک و باوک - حضانة
هەمەڕەنگی حوکمە شەرعییەکان

ناوه‌ڕۆك

باسی (حضانة)

واتە: پاراستن و پەروەردەکردنی منداڵ، بەو جۆرەی کە بیشۆرێ و جلوبەرگی بشۆرێ و بیخاتە بێشکە و بیخەوێنێ و لە هەموو زیانێک بیپارێزێ.

هەر کاتێک مێرد جیابۆوە لە ژنی خۆی بەهۆی مردن، یان بە هۆی تەڵاقدان، یان بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی مارەبڕین، ئەو مێردە لەو ژنە منداڵێکی هەبوو، ژنەکەی زیاتر مافی هەیە کە منداڵەکەی بدرێتە دەست و پەروەردەی بکا تا تەمەنی منداڵەکە ئەبێتە حەوت ساڵ، واتە: تا چاکە و خراپە لێک جیا ئەکاتەوە، چونکە دایک دڵسۆزترە بۆ منداڵەکەی (عن عبدالله بن عمرو -رضي الله عنهما-: قالت امرأة: یا رسول الله ﷺ إن إبنی هذا طلقنی أبوه فأراد أن ینزعه منی، فقال لها رسول الله ﷺ: أنت أحق به مالم تنکحی) رواه أحمد، ئافرەتێک گوتی: باوکی ئەم منداڵە منی تەڵاقداوە و ئەیەوێ منداڵەکەم لێوەربگرێتەوە؟ پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: تۆ بۆ وەرگرتنی مافت زیاترە و لە پێشتری تا مێردێکی تر نەکەی.

ئەگەر دایک نەبوو، ئەو کاتە دایکی دایک و بە سەروەتر مافیان زیاترە، ئینجا باوکی منداڵەکە، ئینجا دایکی باوک و بە سەرەوەتر، ئینجا باوکی باوک و بە سەرەوەتر، ئینجا دایکی باوکی باوک، ئینجا خوشکی منداڵەکە، ئینجا خوشکی دایکی، ئینجا کیژی خوشک، ئینجا کیژی برای، ئینجا خوشکی باوکی.

ئینجا کە منداڵەکە چاکە و خراپەی لێک جیاکردەوە ئەکرێتە سەرپشک لە نێوان دایکی و باوکی هەر کامیانی هەڵبژارد ئەدرێتە دەستی (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: أن النبی ﷺ قال لغلام: یاغلام هذا أبوك و هذه أمك فخذ بید أیهما شئت. فأخذ بید أمه فانطلقت به) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ منداڵێکی کردە سەرپشک و پێی فەرموو: ئەمە باوکتە و ئەمەش دایکتە لەگەڵ کامیان پێت خۆشە دەستی بگرە. منداڵەکەیش دەستی دایکی گرت و دایکەکەش لەگەڵ خۆیا بردی.

دایکی منداڵەکە کرێی پەروەردەکردن و بەخێوکردنی منداڵەکە لەو کەسە وەردەگرێ کە ئەرکی بەخێوکردن منداڵەکەی لەسەرە.

واجبە دایک فرچک بداتە منداڵەکەی، ئینجا ئەگەر ویستی بە خۆی شیری بداتێ، ئەوە باشە و لە هەموو کەسێک لە پێشترە و ئەتوانێ کرێی شیردانیش وەربگرێ، جا ئەگەر دایکەکە شیری هەبوو و نەیدا بە منداڵەکەی، ئەوە مافی پەروەردەکردنیشی نامینێ، بەڵام ئەگەر هەر شیری تێدا نەبوو، ماف هەر ئەمێنێ و لە لایەکی تر شیری ئەدرێتێ.

دروستە دایک و باوکی منداڵەکە قسەیان بکەنە یەک و پێش تەواوبوونی دوو ساڵ منداڵەکە لە شیر بپچڕن، بەو مەرجەی زیان بە منداڵەکە نەگا، ئەگەر نا ئەبێ دوو ساڵی بۆ تەواو بکرێن.

مەرجەکانی ئەو کەسەی منداڵی ئەدرێتە دەست بۆ پەروەردەکردن

حەوت مەرجن:

 

یەکەم: عەقڵی هەبێ، واتە: شێت مافی پەروەردەکردنی منداڵی نییە.

دووەم: ئازاد بێ، کۆیلە مافی نییە.

سێیەم: موسوڵمان بێ، واتە: کافر نابێ موسوڵمان پەروەردە بکا، خوای گەورە فەرموویەتی: (ولن یجعل الله للکافرین علی المؤمنین سبیلا) خوای گەورە هیچ ڕێگەی نەداوەتە کافرەکان کە سەرپەرشتی موسوڵمانان بکەن بە هیچ شێوەیەک.

چوارەم: داوێنپاک بێ.

پێنجەم: دەست پاک و ڕەووشت پاک بێ، واتە: مرۆڤی خائین و بەدڕەوشت نابی منداڵ پەروەردە بکا.

شەشەم: نیشتەجێ بێ لەو شوێنەی منداڵەکەی لێیە.

حەوتەم: ئەو ئافرەتەی منداڵ پەروەردە ئەکا بێ مێرد بێ. بەڵام ئەگەر مێرد بە مامی منداڵەکە، یان بە کوڕە مامی بکا، مافی هەر ئەمێنێ، جا ئەگەر لەو حەفتانە بە مەرجێک ناتەواو بوو، مافی پەروەردەکردنی نامێنێ.

خزمە نێرینەکان مافی پەروەردەکردنیان هەیە بەگوێرەی ئەو ڕیزەی لە میراتدا باسکراوە، بەڵام ئەگەر لە ڕیزی ئەو نێرینەیە ئافرەتێک هەبوو، ئەو کاتە ئافرەتەکە لەپێشترە.


سەرچاوەکان



412 بینین