ئەو شتانەی نوێژ بەتاڵ ئەکەنەوە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-25-16:29:00 - کۆدی بابەت: 3707
ئەو شتانەی نوێژ بەتاڵ ئەکەنەوە
پایەکانی ئیسلام و باوەڕ

ناوه‌ڕۆك

ئەوانەی نوێژ بەتاڵ ئەکەنەوە چین؟

ئەو شتانەی نوێژ بەتاڵ ئەکەنەوە یانزە شتن:

قسەکردنی بە قەسدی

هەرچەند تەنها دوو پیتیش بێت، وەک بڵێ: (نا)، یان (با)، یان (نەء)، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (إن هذه الصلاة لا يصلح فيها شيء من كلام الناس، إنما هو التسبيح والتكبير وقراءة القرآن) رواه مسلم، ناگونجێ لەناو ئەو نوێژەدا قسەی ئادەمیزادان بکرێ، ئەبێ تەنها تەسبیحات و تەکبیر و خوێندنی قورئانی تێدا بکرێ.
بەڵام ئەگەر بەدەست خۆی نەبوو: ووشەیەک، یان دوو ووشەی لە دەم دەرچوون، یان لەبەر کۆکە، یان پێکەنین، یان گریان -کە دەسەڵاتی بەسەردا نەبێ- دوو ووشە، یان سێی بەدەمدا هاتن، بە ئەوانە نوێژ بەتاڵ نابێ.

جموجۆڵی زۆر

بۆ وێنە: دوو شەقاو، یان دوو جوڵەی تر -بە هەر ئەندامێک بێ- بە کەم دائەندرێ، بەڵام سێ زۆرە و نوێژ بەتاڵ ئەکەنەوە ئەگەر بە دوای یەکدا بن (عن أبی قتادة رضی الله عنها: کان رسولَ اللَّهِ صلَّى اللهُ عليهِ وسلَّمَ: يصلِّي وَهوَ حاملٌ أُمَامَةَ بنتَ زينبَ، فإذا سجدَ وضعَها وإذا قامَ حملَها) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ لەو کاتەی نوێژی ئەکرد، کیژۆڵەیەکی -کە ناوی ئومامە بوو- هەڵئەگرت، جا کاتێ سوجدەی ئەبرد دایئەنا، کە هەڵئەستاوە هەڵیئەگرتەوە. مەبەست ئەوەیە: ئەو جوڵەیەی پێغەمبەر ﷺ کەم بوو، چونکە بەدوای یەکدا نەکراوە.

بێ دەستنوێژی

(عن علي بن طَلق -رضي الله عنه- عن النبي -صلى الله عليه وسلم- أنه قال: إذا فَسَا أحَدُكم في الصلاة فَلْيَنْصَرِف، وليتوضأ، وَليُعِدِ الصلاة) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: کاتێ یەکێکتان لەناو نوێژدا بایەکی لێدەرچوو، با بڕوا دەستنوێژ بشواتەوە و نوێژەکەش دووبارە بکاتەوە.

پیسی

پەیدابوونی پیسییە لە جلەکانی یان ئەندامەکانی، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ) جلوبەرگی خۆت پاک بکەرەوە. (عن عائشة رضي الله عنها: قال النبی صلي الله علیه وسلم لامرأة: فاغسِلي عنكِ الدَّمَ وصلِّي) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ئەو خوێنەی پڕژاوەتە سەر جل و بەرگت بیشۆرە و نوێژ بکە.

دەرکەوتنی عەورەت

جا ئەگەر زوو دایبپۆشێتەوە، نوێژی بەتاڵ نابێ (بۆ بەڵگە: بگەڕێوە بۆ مەرجەکانی نوێژ).

 

ئەگەر پیاو، یان ئافرەت هیچیان دەست نەکەوت عەورەتی خۆیان پێ دابپۆشن، واجبە نوێژەکەیان بکەن و دووبارەکردنەوەی ناوێ.

گۆڕینی نیەت

گۆڕینی نیەتی ئەم نوێژەیە بۆ نوێژێکی تر، واتە: ئەو نوێژەی نیەتی لەناودا گۆڕیوە لەگەڵ ئەو نوێژەی نیەتی بۆ هێناوە، هەردووکیان بەتاڵ ئەبن، چونکە هەردووکیان ناتەواون.

لادانە لە ئاستی قیبلە

جا ئەگەر ماوەکە کەم بوو و زوو گەڕاوە لای قیبلە، ئەوە نوێژەکەی بەتاڵ نابێ، بەڵام ئەگەر ماوەکەی زۆر بوو، نوێژەکەی بەتاڵ ئەبێ.

خواردن

خواردنە بە قەسدی، هەرچەند کەمیش بێ.

خواردنەوە

خواردنەوەیە بە قەسدی، هەرچەند کەمیش بێ.

ئەگەر شتێکی شیرینی خوارد، ئینجا لەناو نوێژدا شیرینییەکەی قوتدا، نوێژەکەی بەتاڵ ئەبێ، چونکە ئەوانە زۆر دژایەتییان لەگەڵ نوێژ هەیە.

پێكەنین بە دەنگەوە

پێکەنینی بەدەنگە، چونکە پیتی لەگەڵ دەرئەچێ و ئەبێتە قسەکردن، وەک گوتمان.

كافربوون

کافربوونە، چونکە کافربوونیش دژی خواپەرستییە.

كۆتایی

یەکەم: ڕابردن حەرامە لە پێش کەسێک کە نوێژ ئەکا و سنووری بۆ خۆی داناوە، بەڵام نوێژەکەی بەتاڵ نابێتەوە، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (لأن یقف أحدکم مأة عام خیر له من أن یمر بین یدي أخیه وهو یصلی) رواه الترمذي، هەر یەکێک لە ئێوە سەد ساڵ بووەستێ باشترە، نەوەک بە پێش برای خۆیدا ڕاببڕێ کاتێ نوێژ ئەکات.

دووەم: ئاوڕدانەوە مەکروهە، بەڵام نوێژ بەتاڵ ناکات، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (لا يَزالُ اللهُ عزَّ وجلَّ مُقبِلًا على العبدِ في صَلاتِه ما لم يَلتفِتْ، فإذا التفتْ انْصَرَفَ عَنْهُ) رواه النسائی، بەردەوام خوای گەورە ڕووی لە بەندەکەی خۆیەتی لە کاتی نویژکردنی، بەڵام کە ئاوڕی دایەوە لە ناو نوێژدا، خوا وازی لێ ئەهێنێت.

سێیەم: پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (لا صَلاةَ بحَضرةِ الطَّعامِ، ولا هو يُدافِعُه الأخبثانِ) رواه مسلم، نوێژکردن مەکروهە کاتێک خواردن ئامادە ئەبێت بۆ کەسێک کە برسی بێت، یان کاتێک میزی بێت، یان پیساییەکەی تر.

چوارەم: سوننەتە کە دەچێتە ناو مزگەوت بڵێ: (اللهم صل وسلم علی محمد، رب اغْفِرْ لِي ذُنُوبِي وَافْتَحْ لِي أَبْوَابَ رَحْمَتِكَ) رواه الترمذي، ئینجا (بسم الله) بکا و، قاچی ڕاستەی لە پێشان بباتە ژوورەوە، هەروەها پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (إذا دخل أحدُكم المسجدَ، فلا يجلس حتى يصلِّيَ ركعتين) رواه الشیخان، کاتێک یەکێک لە ئێوە چووە ناو مزگەوت، با دانەنیشێ تا دوو ڕەکعەت نوێژ ئەکات.

بەم دوو ڕەکعەتە ئەگوترێ: (تحیة المسجد).

ئینجا کە لە مزگەوت هاتە دەرەوە، قاچی چەپەی لە پێشان ئەباتە دەرەوە و ئەڵێ: (اللهم صل وسلم علی محمد، رب اغْفِرْ لِي ذُنُوبِي وَافْتَحْ لِي أَبْوَابَ رَحْمَتِكَ) رواه الترمذي عن فاطمة رضي الله عنهما.


سەرچاوەکان



2188 بینین